گیاڕهنگ، چۆن لە هزری دوکتور قاسملوو کەڵک وەرگرین
چۆن لە هزری دوکتور قاسملوو کەڵک وەرگرین
وتاری من لە سیمیناری ستۆکهؤڵم بە بۆنەی ٣٦ ساڵەی شەهید کرانی دوکتور قسملو و هاوڕێیانی
لە یادی ٣٦ ساڵەی شەهیدکرانی شەهیدانی وییەن دوکتورعەبدولڕڕەحمانی قاسملو ڕێبەری مەزنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و یەکێک لە کاریگەرترین ڕێبەرانی کورد لە خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد لە چەرخی بیستەم دا، هەروەها عەبدوڵڵا قادری ئازەر و دوکتور فازیل ڕەسوڵ دا سڵاو دەنێرم بۆ ڕوحی پاکی وئەو شەهیدانە و هەموو شەهیدانی کوردستان.
لە کەسمان شاراوە نییە کە شەهیدی ڕێبەر دوکتور عەبدولڕڕەحمانی قاسملو کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد لە هەموو کوردستان بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی هەبووە و تا ئێستاش هەیە. بە تایبەت لە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران دا ئەو کاریگەرییە زۆر بەرچاوەو هزری قاسملوو لە ڕاستی دا بەسەر ڕێڕەوی خەباتی دێموکڕاتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا زاڵە. دوکتور قاسملوو سیاسەتمەدارێکی شاز بوو لە نێو جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد دا. ئەو لە گەڵ سیاسەتمەدار، سیاسەتمەدار، لە گەڵ ئابووری زان، ئابووری زان، لەگەڵ دیپڵۆمات، دیپڵۆمات، لەگەڵ کۆمەڵناس، کۆمەڵناس و تەنانەت لە گەڵ شاعیر وئەدیب، شاعیر و ئەدیب بوو.
ئەوەندەی پەیوەندی هەبێ بە مەسەلەی کوردەوە بە گشتی، لە نێو ڕێڕەوی خەباتی چەندین ساڵە و شێوەی لێکدانەوەو سیاسەتسازی و ڕێبەری کردنی دوکتور قاسملوو دا وانەی زۆر گەورە هەن کە دەکرێ ڕێىبەرانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان دا لێیان فێربن و بیانکەنە چرای ڕووناککەرەوەی قۆناغە تاریک و بەرتەسکەکانی خەباتی خۆیان بۆ مامەڵە کردن لە گەڵ دەور وبەریان وبۆ زاڵبوون بەسەر نەیارانی کورد دا، کە بە داخەوە هەرچوار دەوریان تەنیوە.
یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم هەموو ڕێبەرانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان ئەوەیە کە بە هۆی دابەشکرانی کوردستان بە سەر چوار وەڵاتی ناوچەی پڕکێشە و ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، بە داخەوە لە هەریەک لەو بەشانەی کوردستان دا لە خەبات دابی، هەرچوار دەورت دوژمنی فکری و هزریی مەسەلەکەی تۆیە. هیچ کام لەو وەڵاتانەی کە بەشێک لە کوردستانیان بەسەر دا دابەش کراوە، لە ڕاستی دا موافقی چارەسەری مەسەلەی کورد لە هیچ یەک لەو وەڵاتانە دا نین. ڕژیمەکانی حاکم بەسەر ئەو وەڵاتانە دا لە باشتیرین حاڵەت دا بە هۆی ڕکەبەرایەتیی ناوچەیی ڕەنگە لە قۆناغێک لە قؤناغەکانی خەبات دا بە قازانجیان بێ بە هۆی جووڵانەوەی کوردەوە فشارێک بۆ وەڵاتەکەی دەراوسێیان بێنن و لە کۆتاییش دا مامەڵەی پێوە بکەن. هونەری ڕێبەرانی کورد لەوە دایە کە چۆن بتوانن پارسەنگێک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی هەم لە ناکۆکیی نیوان دژبەرەکانیان کەڵک وەرگرن و هەم بە کردەوە نەچنە ژێرباری داخوازییەکانی ئەو وەڵاتانە کە لە کۆتایی دا بە زیانی هەموو نەتەوەی کورد تەواو دەبێ. بۆیە گرنگترین سیفەت بۆ ڕێبەرانی کورد ئەوەیە کە هزری نەتەوەیی بەسەریان دا زاڵ بێ و هەموو ڕێبازە فکریەکان بۆ گەشەپیدان و برەوپێدانی هزری نەتەوەیی بە کار بێنن. بە لێبڕاوی و ڕاشکاوی دەتوانم بڵێم یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی دوکتور قاسملکوو ئەوەبوو کە هەوڵی دەدا لەهەموو ڕێبازە فکری و هزرە زانستی و کۆمەڵایەتیەکان، بە قازانجی پتەوکردن و گەشە پێدانی هزری نەتەوەیی کەڵک وەرگرێ و لە کۆتایی دا نەتەوەیی بوون دەوڵەمەند بکا بە بناغەی زانستی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕێبازە جۆربەجۆرەکان بگونجێنێ لەگەڵ هەل و مەرجی خەباتی نەتەوەی کورد و ستڕاتیژیی خەباتی کوردیش بگونجێنێ لەگەڵ پێشکەوتنەکانی جیهانیی سەردەم و ئەو ڕێبازە فکرییە پێشکەوتوانەی جیهان کە توانیویانە کۆمەلگاکەی خۆیان بەرەو پیشکەوتن و گەشەکردن و ئازادی و یەکسانی هیدایەت بکەن. کەواتە هزری دوکتور قاسملوو لە سەر بناغەی نەتەوەیی بوونێکی پێشکەوتنخوازانە دامەزراوە کە ئەگەر بە باشی کەڵکی لێ وەربگیرێ یارمەتیدەر دەبێ بۆ ئەوەی کە لە داهاتوو دا نەتەوەی کورد بەرەو ئازادی، پێشکەوتن و سەربەخۆیی هیدایەت بکا. ئیمە لەسەر چ بناغەیەک دەتوانین ئەو ئیدیعایە بکەین کە هزری دوکتوور قاسملوو بەم جۆرە بەربڵاوە و دەکرێ وەک مۆتۆڕی جووڵاندنی خەباتی نەتەوەی کورد چاوی لێبکرێ کە دەتوانێ ببێتە ئەو یارمەتیدەرە گەورەیە. لێرەدا بە چەند خاڵێک دەکرێ ئەوە ڕوون بکەینەوە:
دوکتور قاسملوو لە کتێبی کوردستان و کورد دا کە کتێبێکی زانستیییە و بۆ تێزی دوکتوڕا داڕێژراوە، بە شێوەیەکی زانستی دەیسەلمێنی کە “کورد یەک نەتەوەیە و کوردستان یەک وەڵاتە “کە دابەشکراوە. ئەو لە پێشەکی کتێبەکە دا دەڵێ لە ساڵی ١٩٥٧ ەوە دەستی بە کارکردن لەسەر ئەو کێبە کردوەو لەساڵی ١٩٦٢ دا تەواوی کردووە. لەو کتێبە دا هەموو تیۆری و تکنیکەکانی زانستی کۆمەڵایەتی، ئابووری وسیاسی بەکار هێناوە تا واقیعییەتی حاشاهەڵنەگری کوردستان و کورد بسمێنێ و لە لاپەڕە ٣٠٥ ی وەرگێڕانی کتێبەکەی دا بە کوردی، بەم جۆرە پێناسەی نەتەوەی کورد دەکا.
“نەتەوەی کورد یەک نەتەوەیە کە هەموو سروشتە تایبەتیەکانی نەتەوایەتی تێدا هەن. کۆمەڵە خەڵکێکی سەقامگیرە کە لە مێژوو دا دروست بووە و خاکی هاوبەش و بناغەی دامەزراندنی ئابووریی هاوبەش و خوو و ڕەوشتی هاوبەشی هەیە کە لە فەرهەنگ و ڕێ وشوێن و ئامانجی نەتەوایەتی هاوبەش بۆ ڕزگاری و یەکیەتی نەتەوایەتی دا خۆی دەنوێنێ”
کەوابوو دوکتور قاسملو ساغبوونەوەی تەواوی هەبووە لە ڕێبازی سیاسیی خۆی دا و لەو ئامانجانە دا کە بۆ خەباتیی بێپسانەوەی سیاسیی خۆی دیاری کردوون. بۆ دوکتور قاسملوو بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد لە پێش هەموو ئامانجێکەوە بووە. ئەگەر بە زمانی سادە، هەڵی سەنگێنین “کوردایەتی” مۆدێرن ئامانجیی سەرەکی دوکتور قاسملو بووە. کوردایەتی بە شێوەی دێموکڕاتیک و هەڵگری بارگەی یەکسانیخوازانە و عەداڵەتخوازانە و گونجاو لەگەڵ مەنشووری مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە چەند خاڵێکی سەرەکی دا ئەو کوردایەتییە ڕوون دەکەمەوە.
یەکەم: هەربۆیە دوکتور قاسملوو توانیبووی فۆرمۆلێکی زۆر کارا و بەهێز بۆ خەباتکردن بدۆزێتەوە. لە فۆرمۆلی دوکتور قاسملوو دا فاکتەری هێزی کورد بۆ خۆی ڕۆڵێکی گەورەی پێدرابوو و لە ڕاستی دا بە دەستهێنانی ئەنجامی هاوکێشە سیاسییەکە درابوو بە هێزی جووڵانەوەی کورد.
بۆ وێنە سەرەڕای پەیوەندیی حیزبی دێموکڕات لە گەڵ دەوڵەتی عێڕاق، هیچ کاتێک دوکتور قاسملو تای تەرازووی دۆستایەتی بەلای حکوومەتیی ئەو وەڵاتە دا نەشکاندەوە، بەڵکو هەمیشە دۆستایەتی لە گەڵ جووڵانەوەی کورد لە باشووری کوردستانی ڕاگرت و تەنانەت یارمەتی دا و هیچ کاتێک قەبووڵی نەکرد کە لە ڕێگای ئەو و حیزبەکەیەوە بچووکترین فشار بۆ سەر جووڵانەوەی کورد لە باشووری کوردستان بێ. مەسەلە ئەوە نەبوو کە داوای لێ نەکرێ، بەڵام ئەو وەڵامی ئوسوولی هەبوو. ئەو هێزی جووڵانەوەی کوردی دەبردە تەشکی ئاسمان لە بەرامبەر نەیاران دا. لە کاتی فشارهێنان دا ئەو مەرجی بۆ نەیاران دیاری دەکرد و بە ئاشکرا پێی ڕادەگەیاندن کە ئەگەر فشار بێنن خەباتی ڕۆژهەڵات و باشوور لێک گرێ دەدەن. هاوکێشەی قاسملوو ئەوەبوو کە بەردەوام داوا بکا کە مەسەلەی کورد بە شێوەی سیاسی چارەسەر بکەن و ڕای دەگەیاند کە هیچ چارەسەرێکی دیکە ناتوانێ کاریگەر بێ. بە ئاشکرا و بێ پێچ و پەنا دەیگوت کە مەسەلەی کورد تەنیا چارەسەری سیاسی هەیە و ئەگەر ئەو کارە نەکەن ئەوە کێشەی خۆیانە و کوردی ڕۆژهەڵات ئامادە نییە لە دژی خوشک و براکانی لە باشوور هیچ هەنگاوێک هەڵێنێتەوە. ئەو سیاسەتە نەتەوەییەی حیزبی دێموکڕات کارێکی کردبوو کە خەباتگێڕانی باشوور بە نێو ڕێزەکانی حیزبی دێموکڕات دا دەهاتن و دەچوون و لە قووڵایی باشووری کوردستان دا چالاکیان دەکرد و هەربە نێو حیزبی دێموکڕاتیش دا دەگەڕانەوە بۆ سەرکردایەتیان کە دیسان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی جووڵانەوەی ڕۆژهەڵات دابوو یا لە سەر سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. کەوابوو یەکەم وانەی گەورەی دوکتور قاسملوو کوردایەتیەکی ڕاستەقینە بە دڵسۆزی بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان بوو، بێ ئەوەی کە بیهەوێ دەستێوەردان لە کار و باری بەشەکانی دیکەی کوردستان دا بکا. واتە کوردایەتی هێڵی سەرەکیی ڕێبازمان بێ و نەکەوێتە ژێر ئامانجی دیکەوە.
دووەم وانەی دوکتور قاسملوو، گرنگی دان بە پەیوەندی دیپڵۆماسی بوو، لەسەر بناغەی قازانجی هاوبەش. ئەو فێری کردین کە سەردەمی پەیوەندیی کۆڵۆنیالی، بەزەیی مرۆڤایەتی و یا برایەتیی ئیدەئۆلۆژیکی بەسەر چووە. کورد نابێ تەسلیمی پەیوەندیی کۆڵۆنیالی بێ و تەنیا بۆ پاراستنی گیانی خۆی ببێتە داردەستی هێزی دەرەکی. یا بچێ وەک قوربانییەک بپاڕێتەوە تا یارمەتی بدەن، یا خۆی بە ئیدەئۆلۆژییەکەوە ببەستێتەوە و چاوی داخا و هەرچی پێی دیکتە بکەن، بیڵێتەوە. بەڵکو دەبێ بەرژەوەندییەکانی خۆی هەڵسەنگێنێ، لەگەڵ بەرژەوەندیی هەردووک لایەنی بەرامبەر تاو و توێی بکا و هاوکێشەیەک بدۆزێتەوە کە بەرژەوەندیی هەردووک لای تێدا پارێزراو بێ و بەم جۆرە مامەڵە و دۆستایەتی بکا. واتە سەربەخۆیی تەواومان هەبێ لە سایسەتکردن دا و لەبیری بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆمان دا بین.
سێهەم وانەی گەورەی دوکتور قاسملوو ئەوە بوو کە هەرچەند کوردستانی بە یەک وەڵات و کوردی بە یەک نەتەوە دەزانی، بەڵام جیاوازییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستانی دەخوێندنەوە و پێی وابوو کە هەر پارچەیەی دەبێ بە پێی هەل و مەرجی خۆی خەبات بکا و قۆناغەکانی خەباتی خۆی دیاری بکا. پێی ڕەوا نەبوو هیچ پارچەیەکی کوردستان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دا دەستتێوەردان بکا. نەزەری ئەوە بوو کە پێویستە دۆست و هاوکاری یەکتر بن، بەڵام نابێ دەست لە کار و باری یەکتر وەردەن. سەردەمانێک لە ژێر ڕێبەرایەتی ئەو دا حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەورەترین حیزبی کوردی و جووڵانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەورەترین جووڵانەوەی کوردی بوو، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵ بێ نە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و نە جووڵانەوەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی بچووکترین دەخالەتیان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دا نەکرد.
واتە سەرەڕای دۆستایەتی کردن و هاوخەباتی و هاوپەیمانی لە نێوان جووڵانەوەی هەموو بەشەکانی کوردستان دا، پێویستە بەڕیوەبردن و داڕشتنی سیاسەت بۆ هەر بەشەی کوردستان، بە جووڵانەوەی کورد لەو بەشە بسپێردرێ. بەڵام لە هیچ حاڵەتێک دا دژایەتی یەکتر نەکرێ و بە پێچەوانەوە، پشت وپەنای یەکتر بین.
چوارەم وانەی گەورەی دوکتور قاسملوو ئیمان بە چارەسەریی ئاشتیخوازانەیە. پێکەوە ژیانی مرۆڤانەی نێوان گەلانی ناوچە، وەلانانی ڕق وتۆڵە و کارکردن بۆ سەقامگیریی دێموکڕاسی و ئاشتی، کە بەداخەوە گیانی خۆشی لەسەر دانا، لە ڕوانگەی دوکتور قاسملووەوە ڕێگای وت و وێژ تەنیا ڕێگای چارەسەری گیرو گرفتەکانی گەلانی ناوچە بوو. لە ڕوانگەی دوکتور قاسملووە وە چەک تەنیا بۆ بەرگری لە خۆت ولە دەسکەوتەکان بەکار دەهات. لە ڕوانگەی ئەوەوە بە تووند و تیژی هیچ کێشەیەک چارەسەر نەدەکرا و کۆتایی هەموو گرفتێک لەسەر مێزی وت و وێژ ئیمکانی هەبوو. کە بەداخەوە لە وەڵاتانی دیکتاتۆر لێدراو و تا سەر ئێسقان پڕلە بوغزوغەرەزی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، ئەو ڕێڕەوە جارێ زەمینەی زۆر کەمە و بە داخەوە زۆر جار لایەنگرانی ئەم ڕێبازە مرۆڤانەیە دەبنە قووربانیی بیر وبۆچوونە مرۆڤدۆست و دێموکڕاتیکەکانی خۆیان. بەڵام گومان لەوە دا نییە کە داهاتوو هەر هی ئەو بۆچوونە مرۆڤدۆستانەیە یە.
واتە ئێمە پێویستە ماندوو نەبین لە بڵاوکردنەوەی بیر و بۆچوونی ئاشتیخوازانە و پێکهێنانی کەش و هەوای پێکەوە ژیانی هەموو نەتەوەو ئاین و ئاینزا جیاوازەکانی دەوروبەرمان. ئێمەی کورد نەتەوەیەکی کۆنی ئەو ناوچەیەین کە بە هەزاران ساڵە تێی دا دەژین. بەڵام چواردەوریشمان گیراوە بە نەتەوەی جیاواز، ئاینی جیاواز و ئاینزای جیاواز. پێویستە هەوڵ بدەین بە مودارا و ئاشتیانە لە گەڵیان بژین، هەرچەند مافی خۆمانە بەرگری لە بوون و مانەوەو دەسکەوتە نەتەوەییەکانی خۆمان بکەین.
پێنجەم: پڕاگماتیست و واقیع گەرا بوو، بەڵام پێداگر بوو لەسەر مافەڕەواکانی نەتەوەکەی. قاسملوو بەشێوەیەکی زانستی و تیۆریک ڕەهەندەکانی خەباتی هەلدەسەنگاند. پشتی بە زانیاریی ڕاست دەبەست بۆ هەڵسەنگاندنی هاوکێشەی هێز لە نیوان خۆمان و ئەوان دا، یا ئیمەو نەیاران و دوژمنانمان دا، بەڵام هیچ کاتێک تەنانەت لاسەنگی هێزیش کارێکی وای نەدەکرد کە دەست لە مافەکانی نەتەوەکەی هەڵگرێ. واقیع گەرایی بە بۆچوونی قاسملوو ئەوەبوو کە هەوڵ بدەی ڕاستیەکان و واقیعییەتەکانی گۆڕەپانی خەبات و وەڵاتەکەت بزانی، تا بتوانی واقیعە تاڵەکان بە قازانجی خۆت بگۆڕی. ئەو مەبەستی لە واقیعگەرایی ئەوە نەبوو کە تەسلیمی هەل و مەرجی داسەپاو بی. ئەو دەیویست هەل و مەرجەکە وەک خۆی هەڵسەنگێنێ و ڕاستییەکان بە باشی ببینێ، بەڵام هەوڵ بدا ئەو ڕاستیانە بگۆڕێ کە بە زیانی نەتەوەکەنی و لە مێژوویەکی پڕ لە چەواشەکاری دا بۆ ئاسیمیلە کردن و تواندنەوەی نەتەوەکەی لە لایەن نەیارانەوە بەرهەم هاتوون. بۆ قاسملوو سیاسەت ئەو هوونەرەبوو کە ئیمکان بڕەخسێنێ تا نا مومکینەکان مومکین بکا. زۆرجار بە هەڵە ڕستەی سیاسەت هونەری مومکینە لێک دەدرێتەوە. کە ڕۆژێک لە ڕۆژان دوکتور قاسملو باسی کردووە. بەڵام مەبەستی ئەو تەسلیمبوون بە واقیعی تاڵ نەبووە. خۆ ئەگەر وابوایە، بێگومان ڕووی نەدەکردە مەیدانی شۆڕشگێڕی. چوونکی شۆڕش بە مانای گۆڕینی بناغەیی لە واقیعە زاڵمانە و بێعەداڵەتیەکان دایە.
شەشەم : ڕۆڵی دوکتور قاسملوو لەسەر سەربەخۆیی سیاسی کە لە نێو حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دا بە تەواوی جێگیر بووە، هەر لەو کاتەوە کە دوکتور قاسملوو وەک نوێنەری حیزبی توودە بۆ پەیوەندیی نێوان حیزبی دێموکرات و حیزبی توودە دیاری کراوە، دەستی پێکردووە. لە جیاتی ئەوەی کە هەوڵ بدا هەرچی زۆرتر حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە حیزبی توودەوە گرێ بدا، هەوڵی داوە کە کومیتەیەکی بەڕێوەبەریی سەربەخۆ دروست بێ بۆ ئەوەی کە حیزبی دێموکرات هیچ پەیوەندییەکی تەشکیلاتی یا گرێدراویی سیاسی بە حیزبی توودەوە نەبێ. کە لە کۆتاییش دا تەنانەت زۆر کاریگەر دەبێ لەوە دا کە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پەیوەندییەکانی تەشکیلاتی بە تەواوی لەگەڵ حیزبی توودە بپسێنێ و تەنانەت لێی دوور کەوێتەوە. تەنیا ئەو دەیتوانی لەبەرامبەر هێرشی سیاسی، ئیدەئۆلۆژیکی و تەشکیلاتیی حیزبی توودەدا کە باشی دەناسی، خۆی ڕابگرێ و بە لێزانی و پێداگریەوە بەرگری لە سەربەخۆیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بکا و نەیەڵێ حیزبی توودە بە فرت و فێڵە ئیدەئۆلۆژیەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هەڵلوشێ. دەبێ ئەوەمان لەبەر چاو بێ کە لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و شەهید کرانی پێشەوای مەزن دا، حیزبی توودە لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێران دا دەستێکی باڵای هەبوو و لە ڕاستی دا مەیدانداری بێ ڕکابەر بوو. بەڵام بە هەوڵ و تێکۆشانی کەسانی وەک دوکتور قاسملو و زۆر کادری لێوەشاوەی دیکە سەربەخۆیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پارێزرا.
لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە کە هێرشێکی دڕندانەی هەموو لایەنە کرایە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شەڕێکی خوێناوی بەسەر کوردستان دا سەپا، جووڵانەوەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستییەکی زۆری بە هاوکاری دەور وبەر هەبوو. حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کەڵکی لەو پەیوەندییە وەرگرت کە لە پێش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی دا بەهاوکاری سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول لە باشووری کوردستان کە لەو کاتی دا لە گەڵ دەوڵەتی عێڕاق بەیانی یازدەی ئازاریان ئیمزا کردبوو، دامەزرا بوو، حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کەڵکی لەو پەیوەندییە وەرگرت، بەڵام هەرگیز سەربەخۆیی خۆی لەدەست نەدا و هەر لەو کاتەدا کە لە ناکۆکی نێوان ڕژیمەکانی عێڕاق و ئێران کەڵکی وەردەگرت، سەربەخۆیی سیاسی خۆی بە تەواوی پاراستبوو. لەگەڵ جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی باشووری کوردستانیش پەیوەندییەکی نەتەوەیی و سیاسی هەبوو. ئەوە زۆرتر لە ژێر ڕێبەرایەتیی دوکتور قاسملوو دا بەدی هاتبوو. ئەوە کە تائێستاشی لەگەڵ بێ پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان دا وەک ئەسڵێکی نەگۆڕ چاو لێ دەکرێ و لە سەرهەڵدانی زۆر کێشەدا هەمیشە حیزبی دێموکرات لەبەر چاوی دەگرێ وزۆر بە مەتانەت و لەسەرخۆیی دەجووڵێتەوە و خۆی تێکەڵ بە ئەجێندا بیانییەکان ناکا و بەسەربەخۆیی بڕیار دەدا، سیاسەتێکە کە لە زەمانی دوکتور قاسملوو دا نیهادینە کراوە. ئەوەی کە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، سەڕەڕای کەڵک وەرگرتن لە تاقیکردنەوەی گەلانی دیکە و خوێندنەوەی ئیدەئۆلۆژییە جۆراوجۆرەکان و لە زۆر بواردا کەڵکوەرگرتن لێیان، هەمیشە سیاسەتی تایبەتیی خۆی هەیە و لە ژێر تەوژمی هیچ ئیدەئۆلۆژییەک دا نییە و بە پێی هەل و مەرجی سەردەم هەڵوێست دەگرێ و نوسخەی پێچراوە لە هیچ هێزێک قەبووڵ ناکا، ئاکامی هەوڵ و تێکۆشان و ڕۆڵی گەورەی دوکتور قاسملوو لە جیگیرکردنی سەربەخۆیی سیاسی لە نێو حیزبی دێموکراتی کوردستان دایە.
هەربە سەرکردایەتی دوکتور قاسملو بوو کە لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دا حیزبی دێموکڕاتی کوردستان چەندین بڕیاری وەک ڕەئی نەدان بە کۆماری ئیسلامی، مەحکوم کردنی دەستبەسەرداگرتنی سەفارەتی ئامریکا و رەتکردنەوەی بەهانەی خەبات لە دژی ئیمپڕیالیزم بۆ داپۆشینی ویستی نەتەوایەتی ڕەت کردەوە.
هەر بە هۆی ئەو سەربەخۆیی سیاسییەوە بوو، کە لە شەڕی کۆماری ئیسلامی و عێڕاق دا حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەباتی خۆی تێکەڵ بەو شەڕە نەکرد. حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی شەڕ لە دژی خەڵکی کوردستان ڕاگرێ، هەموو هیزی خۆی بۆ پاراستنی سنوورەکان بەکار دێنێ. تەنانەت کاتێکیش کە کۆماری ئیسلامی شەڕی دژی گەلی کوردی هەر درێژەدا، لە هەموو ئەو سنوورانەی کە پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی تێدا بەهێز بوون، عێڕاق نەیتوانی بێتە نێو خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشی گەورەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کارەساتی شەڕی ئێران و عێڕاق پارێزرا. هەڵبەت پیویستە ئیشارە بەوە بکەم کە هێزەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەو پرینسیپە گرنگەیان پاراست.
حەوتەم: کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان بە هەڵوێست گرتنی خێرا و نەترسانە لە کاتی هاتنە پێشی دەرفەتەکان دا، یەکێکی دیکە لە تایبەندییە بەهێزەکانی دوکتور قاسملوو بوو. لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیەکان لە سەردەمی شادا هەر زوو دکتور قاسملوو وەک دەرفەت چاوی لێکرد، خوێندنەوەی وردی بۆ کرد و زوو بڕیاری دا کە لەو دەرفەتە پێویستە کەڵک وەرگیرێ و تەنانەت کارێکی کرد کە حیزب بەوەخت بەرنامە داڕێژێ بۆ کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتە. هەربۆیە پێش ئەوەی کە ڕژیمی شا بڕووخێ، کومیتەی زاگرۆس بە سەرپەرستیی خودی دوکتور قاسملوو پێکهات و کومیتەیەک لە ڕێبەرایەتی بە خودی دوکتور قاسملووشەوە خۆی گەیاندەوە نێوخۆی کوردستان و ئێران و ئەلحەق کە کاری گەورەشی کرد. هەر ئێستاش هەل و مەرج لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەرفەتی زێڕینی خووڵقاندووە و پێویستە بە وردبینییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ و بەرنامەی بۆ داڕێژرێ و بۆ کەڵکوەرگرتن لەو دەرفەتە هەنگاو هەڵگیرێ. پێویستە لە تاقیکردنەوەی کومیتەی زاگرۆس، کە لە ژێر ڕێبەرایەتیی دوکتوور قاسملوو دا هەنگاوی بوێرانەی هەڵێناوەتەوە کەڵک وەرگیرێ. ئەوەیە کەڵک وەرگرتن لە مێژوو. بێگومان ئەوەش ورەی سیاسی، وردبینی، لێبڕاوی و چاونەترسی گەرەکە.
لە ڕێبازی پڕ لە سەروەریی دوکتوور قاسملوو دا و لە هزری دەوڵەمەند و پڕ لە زانستی ئەو دا دەکرێ دەیان وانەی گرنگی خەبات و تێکۆشان هەڵێنجین. باوەڕبوون بەخۆ و پێداگری لەسەر بەردەوامبوون لە خەبات تەنانەت لە هەستیارترین و دژوارترین زەمانەکانیش دا و خۆگونجاندن و سیاسەتسازیی بەردەوام بە پێی هەل ومەرج و ڕوانینی ورد بینانە بۆ داهاتوو، هەموویان لەو باسە گرنگانەن کە لە هزری قاسملوو دا خەت و نیشانیان بۆ کیشراوە، بەڵام بەخاتری کەمبوونی کات و بوونی بەرنامەی زۆرتر بەو چەند خاڵە گرنگە بەسندە دەکەین. و ئێستا دەبێ دیاری بکەین کە ئێمە ڕێبوارانی ڕێگای شەهیدانی ڕێبەر پێشەوا، قاسملوو و شەڕەفکەندی چۆن و بە چ شێوەیەک کەڵک لەو هەموو ئەزموونە دەوڵەمەندە وەردەگرین. بەپێویستی دەزانم ئەوەش لە چەند خاڵێک دا کورت بکەمەوە تا لە دەریای ئەزموونەکەدا سەرگەردان و ون نەبین.
یەکەم: پێویستە هەموومان خۆ لەوە بپارێزین کە موزایەدەی سیاسی بە هزر و بیر و بۆچوونەکان و شێوەی ڕێبەریی کردنی شەهید دوکتور قاسملوو وەوە بکەین. قاسملوو وەک ئەندامێکی بەرهەمهێنەر لە نەتەوەیەک بەشی هەموو کوردی تێدایە. هەروەها ڕێبەری هەموو ئەندامێکی دێموکڕات بووە وەکوو ڕێبەرێکی کاریزماتیک کە تاکوو ئێستاش و دوای شەهید بوونیشی باندۆڕی هەیە. کە وابوو لە کوردستانی گەورەدا هیچ بەشێک ناتوانێ قاسملوو تەنیا بە هی خۆی بزانێ و لە نێو بنەماڵەی دێموکڕاتیش دا هیچ کەس ناتوانێ تەنیا خۆی بە درێژەدەری ڕێگای قاسملوو پێناسە بکا و ئەوانی دیکە بە دژبەری ئەو ڕێبازە لە قەڵەم بدا. قاسملوو بۆ خۆی درێژەدەری ڕێگایەک بووە کە دەیان شەهیدی ڕێبەری وەک پێشەوا قازی محەممەدی لە پێناوی نەتەوەکەی دا قووربانی کردووە. هەموو ئەندامان، پێشمەرگەکان و لایەنگرانی دێموکڕاتیش لە ڕابردوو، لە ئێستا و لە داهاتووش دا هەر ڕێبواری ئەو ڕێگایەن، کە دیارە شەهیدی ڕێبەر دوکتور قاسملوو باشترین ڕێنیشاندەری ئەو بنەماڵە گەورەیە بووەو وانەی زۆر بە نرخی بۆ بەجێ هێشتووین.
دووەم : تێبینی یەکی گەورەی دیکە ئەوەیە کە هیچمان هەوڵ نەدەین بیر و هزری شەهیدی ڕێبەر دوکتور قاسملوو بکەینە جۆرێک لە مەزهەب یا ئیدەئۆلۆژیی نەگۆڕ. کە قابیلی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن نەبن. یا نەکرێ ئاڵ و گۆڕیان بەسەر دا بێ و لە گەڵ هەل و مەرجی تازە نەگونجێندرێن. هەرچۆنێک بێ هزر و سیاسەت و تەنانەت زانستی هەموو بلیمەتەکانی دنیا لەسەر بناغەی داتاکانی سەردەمی خۆیان داڕێژراون و ڕەنگە(بەشێک) لەو زانیاری و داتایانە لە کاتی ئێمە دا گۆڕابن. کە وابوو هیچ تیۆرییەکی سیاسی و تەنانەت تیۆرییەکی زانستیش نەگۆڕ نییە و دەکرێ بە پێی هەل ومەرج گۆڕانی بەسەر دا بێ. بۆیە هەر تیۆری و تێزێک پێویستە بە پێی هەل و مەرجی هەنووکەیی هەڵسەنگێنرێ، تا بزانین چەندی لەگەڵ داتاکانی ئەم سەردەمە دەگونجێ. تەنیا ئەو پرێنسیپانەی کە لە سەرەوە باسمان کردن، نەگۆڕن.
سێهەم: لە هەڵسەنگاندنی مێژوومان دا غەدرە پارێزراوی بۆ کەس دانێین. بە ڕێبەرانی گەورەی وەک پێشەوا قازی محەممەد، دوکتور قاسملوو، یا دوکتور شەڕەفکەندیشەوە. ڕووداوە مێژوییەکان دەبێ وەک خۆیان هەڵسەنگێنین. بێ لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە کێ ڕۆڵی سەرەکی تێدا هەبووە. ئەگەر لەو ڕووداوانە دا تەنانەت ڕێبەرێکی کاریزمای وەک شەهید دوکتور قاسملووش نەخشی سەرەکی هەبووبێ. پێویستە بابەتیانە شڕۆڤەیان بکەین.
چوارەم: نابێ بەدایم دووبارەی بکەینەوە کە ئیدی قاسملوویەکی دیکە ناتوانێ لە دایک ببێتەوە. ڕەنگە دوای شەهید کرانی پێشەواش لە لایەن دڵسۆزان بە گەل و نێستمانەوە ئەو قسانە کرابن، بەڵام دوای ئەویش قاسملوو و شەڕەفکەندی لە دایکبوون و گومانیشمان نەبێ هەر ئیستا زۆر کەسی وامان هەن کە ئەگەر ڕۆڵی خۆیان بدۆزنەوەو بە ڕاددەی ئەوان لە خۆبووردووییان هەبێ، دەتوانن بەشێکی گەورە لە کەلێنەکە پڕ بکەنەوە. بۆیە نابێ هەوڵ بدەین ڕێبەرانی ئەوڕۆمان بە سەروەرانی پێشوومان بشکێنین. نابێ ڕێگای بڕیاردان لە ڕێبەرانی ئیستامان بەربەست بکەین. بە هەرحاڵ ئێمە لە سەردەمێکی جیاواز دا دەژین، مەجبوورین بە پێی ئیمکانات و هەل و مەرجی ئەمڕۆ سیاسەت بکەین و هەنگاو هەڵێنین.
پێنجەم: خەتایەکی گەورەمان بەرامبەر سیمبۆلەکانی خەباتمان کردووە ئەگەر بمانهەوێ وەک ئامڕازێک لە دژی ئەو کەسانە بەکاریان بێنین کە جیاوازی بۆچوونیان لەگەڵ ئێمە هەیە. یەکێک لە بەهاکانی کە دوکتور قاسملوو زۆری هەوڵ دەدا بیهێنێتە نێو سایسەتی کوردییەوە، پلۆڕالیزمی سیاسی و قبووڵکردنی جیاوازییەکان بوو. ئێستا زۆر غەدرێکی گەورە دەبێ لە خودی ئەو، ئەگەر هەوڵ بدەین جیابیران بکوتین بەوەی کە گۆیا لە ڕێبازی قاسملوو لایانداوە، یا دژی بۆچوونەکانی قاسملوون. سەنگەر گرتن لە پشت سیمبۆلە نەتەوەیی و حیزبییەکان لە بایەخی ئەوان کەم دەکاتەوە. ئەوان دەبێ بە پانتایی نەتەوە، حیزب و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان و بیر بۆچوونە جۆراوجۆرەکان، کارتێکەرییان بمێنێ. ئەوەیە ڕێزلێنانی ڕاستەقینە لەوان، بەردەوامی دان بە ڕێبازیان و کەڵکی ئەرێنی وەرگرتن لێیان.
با لە وتە و تیۆرییەکانیان بۆ کوتانی جیابیرانمان کەڵک وەرنەگرین کە لە هەل و مەرجێکی جیاوازدا لە لایەن ئەو سیمبۆلە نەتەوەییانەوە داڕێژراون. با هەر مەسەلەیەک لە زەمان و مەکانی خۆی دا هەڵسەنگێنین و ئەگەر بەڵگەی قانیعکەرمان بە دەستەوەنوبوو لە پشت ڕێبەرانی وەک شەهید قاسملووەوە سەنگەر نەگرین.
ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە کە هزر و بیری قاسملووەکان بە پێی هەل و مەرجی ئەمڕۆ هەڵنەسەنگێنین و لە تاقیکردنەوەکانیان کەڵک وەرگرین. لە هێڵە گشتییەکانی ڕێبازی ئەوان دا کە لە سەرەوە ئیشارەیان پێکرا بمێنینەوە و بە پێی ویستەکانیان، بەڵام بە میکانیزمی ئەمڕۆیی کە لە گەڵ هەل و مەرجی سەردەم دا بگونجێ، بەرنامەی کارمان داڕێژین.
لە ٣٦ ساڵەی شەهیدکرانی ڕێبەری شەهیدمان دوکتور قاسملوو دا سڵاو دەنێرم بۆ ڕووحی پاکی ئەو شەهیدە پایەبەرزە و هەموو شەهیدانی سەرانسەری کوردستان و هیوادارم بتوانین ئامانجەکانیان وەدی بێنین.
ئهم وتاره له سایتی گیارهنگ وهرگیراوه
6345 جار خوێندراوهتهوه